söndag 24 april 2011

کۆمەڵگای نوێ و سترێس لە کوردستانی ئەمڕۆدا چۆن دەبینن..؟


پێناسەی ستریس زۆر بەکورتی وەڵام دانەوەیەکی فیسیولۆجی و خۆگونجاندنی لەشە لەکاتی فشار هێناندا بۆ سەر ئۆرگانیسم (گیان لەبەر). جا ئەم سترێسە ئەتوانی سترێسێکی دەرونی بێت، تەبێعەتی بێت واتا پەیوەست بێت بە تەبێعەتەوە یان پەرسێپتوێل (هەست و نەستەکان) بێت.  سترێس لەڕوانگەی گەشەی ژیانەوە کارێکی زۆرگرینگە بۆ هێشتنەوەی ئۆرگانیسم لە ژیاندا، چونکە وەکو لارمێک کار دەکات و لەناو هەموو گیان لەبەراندا هەیە، لەهەموو کلتورێک و لە هەموو تەمەنێکدا هەیە کە لە کاتە ترسناکەکاندا لەش ئامادە دەکات یان بۆ بەرەنگار بوونەوە یان بۆ هەڵاتن. کە ئە‌مەش پەیوەندیەکی پتەوی هەیە بە خیبرەی ڕابردووی تاکەوە دەربارەی ساتە ترسناکەکان وبێگومان جیناتەکانیشمان لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەم کارەدا. تا ێستا نەزانراوە کامیان ڕۆڵیان زیاترە.
لە زۆر شوێنی کۆمەڵگای ئەمڕۆدا گەر پۆست مۆدێرنیتێتیشی نەیگەیشتبێتێ، مۆدێرنیتێتی گەیشتۆتێ. سترێسی کۆمەڵگای ئەمڕۆکە جیاوازە لە سترێسی کۆمەڵگای کۆن. سترێس لە کۆمەڵگای کۆندا زیاتردروست ئەبوو لەکاتێکدا گیان لەبەر ئەگەڕا بە دوای خواردنی دا (نێچیردا) چونکە ڕووبەڕوو بوونەوی زۆری توشه ئەهات. لە کۆمەڵگای ئەمڕۆکەدا بەدەگمەن دەبیستین کە مرۆڤ لەبرسان بمرێت، بگرە زۆربەی زۆری بەشی ئەوەندەی دەست دەکەوێ کە پێی بژیت و نەمرێت لە برسا. ململانێ ی ئەمڕۆ کە سترێسێکی زۆر دروست ئەکات لە خۆشتر گوزەراندنی ژیاندایە. کۆمەڵگاکان وایان لە مرۆڤەکان کردووە کە نەتوانن قەناعەت بەوە بکەن کە هەیانە، مێدیاکان و ڕیکلامەکان لە ڕێگەی تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامەکانەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵ بەسەر خەڵکەکەدا بکەن، وایان لەخەڵکەکە کردووە کە نەتوانن بڕیار بدەن لەسەر چۆنیەتی ژیانیان و گوزەران کردنیان. بەڵکو وای لێکردوون کە دایمە لە هەوڵی پەیداکردنی زیاتردابن وبەردەوام هەست بەوە بکەن کە ئەوەی هەیانە لە هی خەڵک کەمترە. ئەمە ئەبێتە دروست بونی سترێسێکی دەروونی و فشارێکی زۆر ئەخاتە سەر تاکەکان کە لە هەوڵی پەیداکردنی زیاتردا بن.
لەهەمان کاتدا ئەم هەوڵو تێکۆشانە بێ وچانە کاریگەرێکی زۆری کردۆتە سەر پەیوەندی مرۆڤەکان بە یەکەوە. وای لە مرۆڤەکان کردووە کە بەغالەتێکی سروشتی لەلایان دروست بیت، کە بۆتە هۆی ئەوەی لەباتی ئەوەی کە پەیوندیەکان لەسەر بنەمایەکی ڕۆ‌‌حی بن، کە گرنگیەکی بێ پایانی هەیە بۆ خودی ڕۆحی مرۆڤ، زیاتر پەیوەندیەکان لەسەر بنەمایەکی مەسڵەحەت یان بە واتایاکی تر لەسەر بنەمایەکی پێویستی دروست بن. لێکۆڵینەوەیەکی زۆری ڵێکۆڵەرەوانی سۆشەڵ سایکۆلۆجیستەکان دەریخستووە کە مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە هیچ شتێک ناکات کە لە پێناوی پێویستی نەبێت. واتە گەر نەزانێ خۆی ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستی بەهاوکاری بەرامبەرەکەیەتی یارمەتیبەرامبەرەکەی نادات. بەو واتایەی گەر تاک نەزانێ ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆشی پیر ئەبێتوو پێویستی بە خەڵکانی تر هەیە بۆی یارمەتی بدەن یارمەتی خەڵک نادات لە ئەێستادا. ئەم پرۆسێسە لە لاشعوری مرۆڤەکاندا دروست ئەبێت، واتا تاک خۆی لێی بە ئاگا نیە. ئەم کۆمەڵگایە وای لە مرۆڤەکان کردووە کە چاوەڕوانی و شەرتو شروت لەسەر بەرامبەرەکەی دابنێ بە بێ ڕەچاو کردنی ئەوەی کە ئایا بەرامبەرەکەی لە توانایدا هەیە کە ئەم مـەرجانە بە ئەنجام بگەیەنێ یان نا. ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆر لەپەیوەندی خێزانەکان پێکەوە کەم بۆتەوە و تەواو بەرەو نەمان ڕۆیشتووە. سەرەڕای ئەوەی کە گۆڕانکاری کۆمەڵگاکە شەرتو شروتی لەسەر تاکەکانی داناوە کە زۆریانی سەرقاڵ کردووە بە کار کردنەوە کە ئەمیش خۆی لە خۆیدا کاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندیەکانی بەینی تاکەکان و خێزانەکان هەیە لەهەمان کاتدا وای لە تاکەکان کردووە کە نەتوانێ بە بێ شەرت و مەرجو چاوڕوانی بەرامبەرەکەی قبوڵ بکات.
ئەمە هۆیەکی گرنگی دروست بونی خەمۆکیە لە کۆمڵگاکانی ئەمڕۆکە کە لایەنی کەم مۆدێرنیتێت ڕووی تێکردوون. لەبەر ئەوەی کە ڕۆحی مرۆڤ لەڕاستیدا ئەمەی پێ قبوڵ نیە. شتێک نیە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا بگونجیت.  لەبەر ئەوە توشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی ئەکات. لێکۆلینەوە دەریخستووە کە ڕێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە کۆمڵگای مۆدێرنەدا زۆر زیاترە لەکۆمەڵگا ساکارەکانی پێشوودا. ئەو سترێسەی کە لە کۆمڵگای ئەمڕۆکەدا دروسەت ئەبیت یەکێکە لەگەورەترین هۆکاری دروست بونی نەخۆشی شێرپەنجە، شەکرەی تایپی٢، نەخۆشیە کانی دڵ، بەرزی پەسەتانی خوێن و جەڵدەی دڵ، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی بچووک بوونەوەی بۆرییەکانی دڵ و سەکتەی مێشک.
کۆمەڵگای مۆدێرنی تەکنەلۆژیا جوڵاندنی لەشی کەمکردۆتەوە واتە سترێسی بەدەنی کەمبۆتەوەو لەهەمان کاتدا سترێسس لە سەر مێشک و دەرونی مرۆڤ زۆر زیادی کردووە کە ئەمەش کاراییەکی نێگەتیڤی لەسەر تەندروستی  تاک دروست کردووە. جوڵانەوەی لەش و کارکردن بە لەش کاراییەکی پۆسێتیڤی لەسەر لەش و مێشک و دەرونی مرۆڤ هەیە. لەبەر ئەوەی کە ژیانی ئەمڕۆکە زیاتر سترێس لە سەر مێشک دروست ئەکات نەک لەش لەبەر ئەوە بۆتە هۆی دروست بونی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەکرە و مانەوەی شەکر لە خوێندا (کۆڵسترۆڵ).
کاتێک کە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕویان کردە عێراق و باشوری کوردوستان بە تەنها خۆیان و دەبابە کانیان نە بردە ناوچەکە لەگەڵ خویان. بگرە جورێک لە تەکنەلۆژیاو کلتوری خۆشیان لەگەڵ خۆیان برد. ڕاستە ئەم پروسێسە بە مەبەستی ئازادی بوو، بەڵام چەند کێشەیەکی تری دروست کرد. کۆمەڵگای کوردی توشی چەواشەکارییەکی گەورە کرد کە جۆرەها نەخۆشی دەروونی لێ کەوتۆتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە بەشداری نەکردووە لە دروست کردنی ئەم تەکنەلۆژیایە بگرە ڕاستەوخۆ گەیشتووە بە دەستی بە بێ ئەوەی کە عارەقی بۆ بڕێژێ. بۆ نمونە تا ئەوروپا گەیشت بە مۆبایلی ٣٣١٠ چەند سالڵانیکی زۆرو چەند پرۆسێسێکی زۆری خایاند. چەندەها مۆبایلی ترهات تا توانیان مۆبایلی ٣٣١٠ بخەنە ناو بازارەکانەوە. بەڵام لە کوردوستان وانەبوو بگرە لەگەڵ پروسێسی ئازادیدا بە حازری ئەمانەو چەندەها شتی تر کەوتە بەر دەست و بازاڕەکانەوە. ئەمەش ئەم مرۆڤەی توشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کرد. توشی پەلهاویشتن و تموحێکی زۆر و لەهەمان کاتدا بەهەڵە بەکارهێنانی شتەکان کرد.  لەبەر ئەوەی خەڵکانی کوردوستان بە پروسیسی گەشەکردنەکەدا نەڕۆیشتون بگرە بە حازری لە دوای ئەوەی کە ووڵاتانی خۆرئاوا عارەقیان تیادا ڕشت گەیشتە دەست خەڵکانی کوردوستان. لەبەر ئەوەیە کە  زۆر لەم شتانە کە ئەمە نمونەیەکی بچوکە، بە هەڵە بەکار دەهێنرێت.
کاتیک کە ئەم مرۆڤە شتێک ئەکەوێتە بەر دەستی کە نەخۆی دروستی کردووە و نە بەژداری پرۆسێسی گەشەکردنەکەی کردووە واتە رادەی ڕۆشنبیری ئەم مرۆڤە لەو ئاستەدا نیە کە ئەم هەڵسەنگاندنە بکات. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کەڵەکە دەبێت لە لاشعوری تاکدا و دەبێەتە هۆی دروست خەمۆکی کێشە دەروونیەکان کە بە هۆی  گۆڕڕانکارییەکی خێرای کۆمەڵگاوە دروست دەبێت. ئەم گۆڕانکاریە خێراییە کۆمەڵگا بەرەو  پێشکەوتنێکی سەقەت دەبات کە لەگەڵ توانا و هزرو تێگەیشتن و ڕادەی ڕۆشنبیری ئەم مرۆڤانەدا ناگونجێت. ئەم مرۆڤە ڕادەی تێگەیشتنی نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە بتوانێ ئەم تەکنەلۆژیایەی کە بە حازری گەیشتۆتە دەستی کاری پێبکات وەکو پێویست. لە باتی ئەوە توشی چەواشە کاری کردووە. نازانێ باوەڕ بە مزگەوتو مەلاو عاداتو تەقالیتی کۆن بکات کە چەند ساڵە تیای ژیاوە و ڕەگیان داکوتاوە لە بونی کەسایەتی تاکدا یان بەو تەکنەلۆژیایەی کە لە شاشەی مۆبایل و مێدیاکانەوە ئەم کۆرەی زەویەی بۆ بچکۆلە کردۆتەوە هەواڵو چۆنیەتی ژیانی کۆمەڵگاکانی تری بۆ ئەخاتە ڕوو.
ئەم مرۆڤە وەک باسەکەی ئەفلاتۆنی فەیلەسوفی لێ ‌هاتووە. ئەفلاتۆن ئەگێڕێتەوە کە خەڵکانێک هەبوون کە لە ئەشهکەوتیکدا ئەژیان. هەموو ژیانی خۆیانیان لەو ئەشکەوتەدا بەسەر بردبوو.دنیای دەرەوەی ئەشکەوتەکەیان نەدیبوو. هەموو بۆچوونو تێڕوانینی ژیانیان لە ڕوانگەی ئەم ئەشکەوتەوە بوو. ڕۆژیک یەکیک لە ئەندامانی ئەم خێزانە شتێکی لێ ئەکەوێتە خوارەوەی ئەشکەوتەکە کە ئەبێت بڕوات بیهێنێتەتەوە. کاتێک کە ئەڕواتە خوارەوە ئەبینێ خەڵکانیک هەن کە ژیانێکی تر ئەژین زۆر جیاواز لە ژیانی ئەمان، بیرو باوەڕێکی جیاواز، کلتورو، عاداتێکی جیاواز لەمان. ئەمیش ئەپەشۆکێ و بە خێرا ڕائەکاتەوە بۆ ئەشکەوتەکە بۆ لای هاوڕێکانی بۆیان ئەگێڕێتەوە کەچ ژیانێکی تر لەو دیوو ئەشکەوتەکەوە هەیە، کە خەکڵکانێک هەن کە جۆرێکی تر ژیان ئەکەن و بیرو باوەڕێکی تریان هەیە.  لەبەر ئەوەی کە شتەکانی بە چاوی خۆی دیبوو نەیدەتوانی دەست بەرداری ئەوە بێت کە دیویەتی، بەڵام هاوەڵانی لێیان قبوڵ نەئەکرد لەبەرئەوەی کە ووتەی ئەمیان بەدڵ نەبوو چونکە هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر ئەو بیروباوڕەو تێڕوانینەی ئەمان بۆ ژیان هەیانبوو لەبەر ئەوە ناچار بوون هاوەڵەکەیان بکوژن.
هەر وەک کۆمەڵگای ئەمڕۆکەی ئێمە. مێدیاکان هەواڵ وجۆری ژیان کردنی جۆراوجۆر ئەگەیەننە ناوچە جۆراو جۆرەکانی کوردوستان کە وا لە تاک ئەکات کە بکەونە شکەوە لەو بیروباوەرەی کە هەیان بووە چەند ساڵە. ئەم زانیاریە تازانەی کە تاک دەستی ئەکەوێ لە ڕێگەی مێدیاکانەوە کاریگەری تەواو ئەکاتە سەر پەرسێپشنی تاک یان بە واتایەکی تر بیروباوەڕو تێڕوانینی تاک بۆ ژیان کە تاک توشی چەواشەکاری ناوەکی ئەکات. زۆر جار ئەمە ئەبێتە هۆی خەمۆکییەکی قوڵو دڵەڕاوکێیەکی سەخت کە بەئاسانی چارەسەر ناکرێ و کە بەداخەوە دەگاتە ڕادەی خۆکوژی تاک.   

میران زوهدی


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar