söndag 24 april 2011

کاریگەری تەکنەلۆژیەکان ومێدیاکان لەسەر ناسنامەی تاک لە کۆمڵگای ئەمڕۆماندا



تەکنەلۆژیاو مێدیاکان لەم سەردەمەی ئەمڕۆکەدا  دنیایەکی فانتاسی نێگەتیڤیان لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆکە دروست کردووە. مێدیاکان کۆنتڕۆڵیان کردووە بەسەر شێوازی گوزەرانکردنی تاکەکان و  تێڕوانینی تاکەکان بۆ ژیان. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا بونی کەسایەتی کاریگەرێکی ئەوتۆی نامێنێ لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگا بەردەوام لە گۆڕانکاریێکی خێرادایە. لەم کۆمەڵگایدا شکڵ (مۆدێل) بڕیار ئەدا لەسەر  تێڕوانین،  تێگەیشتنی مرۆڤەکان بۆ ژیان و چۆنیەتی ژیان کردن نەک دنیای واقع. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا بناغەی دروستبونی دنیای واقیع و بۆچونی مرۆڤەکان لای تاکەکانی کۆمەڵ لە ژێر کاریگەر و کۆنتڕۆڵی مێدیاکاندا دروست ئەبن. هەستوو نەستەکانمان لە ژێر کاریگەری بەردەوامی دنیای تەکنەلۆژیاو دنیای مێدیاکاندان کە وایان کردووە کە تاک چەواشە بکات و نەتوانن بەئاسانی خۆشی و ناخۆشی دنیای حەقیقەت ودنیای خەیاڵ لە یەک جیابکەنەوە. زۆر بەی زۆری شتەکان کە بە باوڕی تاکەکان بایەخێکی زۆریان هەبووە لە ڕابردودا، لەم کۆمەڵگایەدا ئەو نرخو بایەخەی نامێنێ. ژیانی ڕۆژانە لەم کۆمەڵگایەدا بەتاڵ بۆتەوە لەو شتانەی کە مەبەستێکیان داوە بە ژیان و هەموو شتە پڕ مانا شروشتیەکان. کەسێک نیە کە تاک بتوانێ خودی خۆی پێ بسەلمێنێ لەبەر ئەوە تاک بە ئاسانی ناسنامەی خۆی لەدەست ئەدات.  
گەر بڕوانینە بەساڵاچووەکان لەم کۆمڵگایانەدا دەبینین کە بەساڵاچووەکان زیاتر پشت بەڕۆتینەکان ئەبەستن لەبەر ئەوەی کە نوێبونەوە بۆ ئەمان زۆر سەختە. ئەم تێڕوانینە وا لەم چینی بەساڵاچوانە ئەکا کە سەرنج و ڕاکێش نەبن بۆ کارگەخانەکان. لەبەر ئەوەی کارگەخانەکان لەم کۆمەڵگایانەدا پێویستیان بە مرۆڤێکە کە توانا وقابیلیەتی خۆ گونجاندنو گۆڕڕانی هەبێت. ئەم تێڕوانیننە ترسێکی لای بە ساڵا چووەکان دروستکردووە کە جۆرێک لە بێتوانایی لای ئەوان دروست کردووە کە ئەمان بە کەڵکی زۆرشت نەماون و خودی ئەم تێڕوانینە بۆ خود بۆتە مایەی دودڵی تاک و بێ ئەمەل بونی تاک لەبێ توانایی لەوەی کە ئەم توانای گۆڕڕانی نەماوە کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا تاک توشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ئەکات و وایان لێ ئەکات کە زیاتر پەیوەست بن بە چواردەورەکەیانەوە.
هەرچەندە لەتەمەنیشدا بێت مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا شانسی ئەوەی زۆرە کە بتوانێ بخوێنێ و زانیاری تازە بۆ خۆی پەیدا بکات، بەڵام بۆ بەساڵا چوان قورسە لەبەر ئەوەی کە لە ڕابردویەکدا پەروەردە بوون و گەورە بوون کە سنوری بۆ ئەم دەرفەتە داناوە و بە ئاسانی ڕێگە بەوە نادات کە بتوانێت زانیاری تازە وەرگریت و بیخاتە شوێنی زانیاریە کۆنەکان کە ئەمەش زیانی زۆری هەیە لەسەر ناسنامەی تاک.
ئەم کۆمەڵگایە دەرفەتی داوە بە تاک کە پێویستی بەوە نەبێت بە درێژایی ژیانی پابەند بێت بە یەک خێزانەوە بەڵکو تاک ئەتوانێ چەند جارێکی تر ژیانی هاوسەری پێکەوە بنێتەوە. لەبەر ئەوە دەبینین کە زۆر خێزان یان جیا بونەتەوە یان نزیک بونەتەوە لە جیا بونەوە. بەتایبەتی لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا زۆر ئاساییە کە لە دەوروبەری تەمەنی ٤٠ ساڵیدا تاک هیچنەبێت جارێک بە درێژایی ژیانی، ژیانی خیزانی هەڵوەشاندبێتەوە.
بە میدیا کردنی کۆمەڵگای ئەمڕۆکە  کە ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لەسەر کەسایەتی تاک وشێوازی ژیان کردنیان وایان لە تاکەکان کردوە کە تاک بەردەوام بگەڕێت بە دوای ناسنامەی نوێدا کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە تاک بێ ناسنامە بمێنێتەوە نەتوانێت ناسنامەیەکی هەمیشەیی بۆ خۆیی بدۆزێتەوە. بە تایبەتی کاتێک کەناسنامەی تاک کۆپلە کرابێت بە دنیایەکەوە کە دانیشتوانەکەی پەیوەست بن بە میدیاوە، لەباتی ئەوەی کە پەیوەست بیت بە ڕابردووی ژیانی تاکەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە. ئەمە گەورەنترین پاڵنەرە بۆ ئەوەی کە ناسنامەی تاک لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا بەردەوام لەگۆڕڕاندا بیت کە مێدیاکان کاریگەری تەواویان هەیە لەسەر دروست کردنی ناسنامەی تاکەکان لەڕیگەی ئەو بڵاو کردنەوە گڵۆباڵەی کە هەیانە.
ناسنامەی تاک لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا زیاتر پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەوە بۆ نموونە تاکەکان لە ڕێگەی موچەی مانگانەیانەوە، جۆری کارەکانیانەوە و شوێن و مەکانی ژیان کردنیانەوە خۆیان بە دەوروبەر دەناسێنن. کە بەمەش جێگەی تایبەتی خۆیان بۆ چواردەوریان دیاری دەکەن. بەم جۆرە ناسنامەی تاکی ئەم کۆمەڵگایە بەردەوام لە گۆڕڕاندا دەبێت چونکە پەیوەستە بەو شتانەی کە باسمان لیوەکرد وەک کاریار و چەندی موچەی مانگانە و جۆری ژیان کردنیان و شێوازی ژیانکردنیان کە بەردەوام لە گٶڕڕاندان.   
لەم کۆمەڵگایانەدا پەیوەندیەکی پتەو لە بەینی تاکەکان و کلتوری مێدیاکاندا هەیە کە کاریگەرێکی زۆری کردۆتە سەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و شێوازی بیرکردنەوە. بە میدیاکردنی کۆمەڵگاکان کاریگەرێکی زۆری کردۆتە سەرشێوازی ژیان کردن، شیوازی دەربڕینی بیر و هەست، سیمبولەکان و خەونە خەیاڵیەکانی تاک بۆ جوانی لەش کە ڕۆژانە لە مێدیاکاندا پێشکەش ئەکرێن وای کردووە کە ژیانی ئەمڕۆکەی تاک بەردەوام لە پەیداکردنی شکڵی (مۆدێلی) نوێدا بێت. لەڕێگەی هەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕۆژنامەیەک و گۆڕینی کەناڵی تەلەفزیۆنێکەوە بە ئاسانی تەک ئەتوانێ لەناو دنیایی میدیاکاندا بژیت بەبێ ئەوەی کە پەیوەندیەکی ڕاستەو خۆی هەبێت لەگەڵ دنیای هەقیقەتدا.
مێدیاکان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر گۆڕڕانی خێرای کللتور کە ئەمەش کارایی ئەکاتە سەر گەشەو گۆڕڕانی ناسنامەی تاک. تاکەکان لەم کۆمەڵگایانەدا زیاتری کاتەکانیان بە مێدیاکانەوە خەریک کردووە لەبەر ئەوە میدیاکان توانیویانە کاراییەکی زۆر بکەنە سەر پێکهاتەی شکڵیی دەرەوەو ناوەوەیی تاک.

میران زوهدی
بەکالۆریۆس لە دوو بڕوانامەی ذەرونناسی و دەرونناسی کۆمەڵگا


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar