söndag 26 juni 2011

بەشی چوارەم دروسبوونی منداڵی دووانە

میران زوهدی دەرووناس و دەرووناسی کۆمەڵایەتی





منداڵی دووانە دوو جۆری هەیە. یەکەمیان ئەوەیەو کە لەباتی یەک هێلکە دوو هێلکە لەلایەن دوو سپێرمی جیاوازەوە دەپیتێنریت و دەبیت بە دوو کۆرپە کە لە سەدا 50 ی جیناتەکانیان وەک یەکە کە نیوەی لە باوکەوەیەو نیوەکەی تریشی لەدایکەوەیە وەکو هەموو خوشکو برایەکی خیزانێک، بەڵام گەر هاتوو یەک هێلکەی پیتێنراو خۆی کرد بە دوو کەرتەوە، کە کەس نازانێت بۆچی، ئەمە لەسەدا سەدی جیناتەکانیان وەک یەکە. جا لەبەر ئەمە ئەم کۆرپەیە یان دەبنە کوڕ یان کچ و هەموو شتیکیان وەک یەکە. بەڕێزان لێکۆڵینەوە زۆر کراوە لەسەر کاریگەری ژینگە و ئەو خێزانە کە تیایدا پەروەردە دەکریت چەند کاریگەری هەیە بۆسەر کۆرپەکە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا کەریگەری ج یناتەکان زیاترن لەسەر فۆرمی کۆرپەیەکی نوی یان کەریگەری ژینگە؟ منیش یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەتان بۆ باسدەکەم جا بزانن چەند جيگەی سەرسوڕمانە.
لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا منداڵان زۆر لەدایک دەبنن کە دایکو باوکەکانیان ناتوانن بەخێویان بکەن. لە شوێنی تایبەت دایان دەنێن تا خەڵک هەڵیان دەگرێتەوەو ئەرکی بە خێو کردنیان دەگرنا ئەستۆ. ئەم لێکۆڵەرەوانە هەستان گەڕان بە دوای دووانەیەکدا کە لە یەک هێلکەی پیتێنراو دروست بوون واتە لە سەداسەدی جیناتەکانیان وەک یەکە. لەبەر ئەوە سەردانی ئەم شوێنەیان کردوو دوو کۆڕیان دۆزییەوە کە ئەوکاتە لەتەمنەنی 39 سالی دابوون هەریەک خێزابێک هەڵی گرتبوونەوە لە دوو کاتی جیاوازدا، کە لە دوو ویلایەتی جیاوازی ئەمریکا دەژیان. ئەم دوو کۆرپەیە لە دوو خیزانی جیاواز، کە یەکتر ناناسن پەروەردەو بەخێو کراوون. کە بینیان هەردووکیان وەک یەن حەزو ئارەزووەکانیان وەک یەکە. هەردووکیان حەزیان لەهەمان ئۆتۆمبیلە، هەمان جۆی ڕنگ، خواردن، هەمان جۆری ژیان کردن لە ناو خانوو. هەمان حەزکردن بە جۆری دانانی شتومەکی ناو ماڵ. هەردووکیان هەمان کاریان هەبوو کە بە نیو کات کاریان دەکرد وەک پۆلیس. هەمان جۆری سەگ، دوو جار ژنیان هێنابوو و هەتا دوایی. ئەوەی کەلە یەک نەدەچوو یەکێکیان قژی بۆ خوارەوە دادەهێنا ئەوی تریان بۆ سەرەوە. ئەوەی کە جیگەی سەرنجە ئەم دووانە هیچیان نەیان زانیووە کە دووانەن و برایەکی تریان هەیە. ساتێک ئەم لیکۆڵەرەوانە دەچن بۆ لایان کە هەریەکەیان لەویلایەتێکن. بۆیان باس دەکەن کە ئێوە دوانەنو برایەکتان لە ویلایەتێکی تر هەیە. ژمارەی تەلەفونیان  پێ ئەدەن تا پەیوەنی بگرن پێکەوە. ئەم دووانە کە قەت یەکتریان نەبینیوە وە نەشیان زانیوە کە دووانەن و برایەکیان هەیە. خۆیان تەلەفۆن بۆ یەکتری دەکەن و جێگەیەک دەست نیشان دەکەن بۆ یەکتر بینین. کاتێک کە دەچنە جێگاکە بێ ئەوەی هیچکەس لە لێکۆڵەرەوەکانیان لەگەڵ دابێت یەکسەر یەکتر دەناسنەوە چونکە هەردووکیان وەک یەکن و پێدەکەنن و سەریان دەسوڕمی. بەڕیزان ئەمە دواننەیەکن لە یەک هێلکەی پیتێنراو کە خۆی کردووە بە دوو کەرتەوە و دەبێت بە دوو کۆرپەی وەک یەک و لە سەدا سەدی جیناتەکانیان وەک یەک دەبێت. لەهەمان کاتدا ئەو کۆرپانەی کە لە دوو هێلکەی جیاواز هاتوون و دەبن بە دووانە هیچ جیاوازییەکیان نیە لەگەڵ خوشکو برایەکی تردا کە بە دوو سک یان جیا لەدایک بوون تاقەشت کە جیاوازی هەبێت لەگەڵ خوشکو برییەکی ئاسایی ئەوەیە کە ئەمان  بەیەک سک دینە دنیاوە. شایەنی باسە کە ئەم دووانەیە قەت یەک جنس دەرناچن. بەڵکو کوڕ ە کچ دەبن و لەسەدا 50 ی جیناتەکانیان وەک یەکە وەک هەمو خوشکو برایەکی ئاسایی، بەڵام ئەو هێلکەیەی کە خۆی دەکات بەدوو کەرتەوە یان کوڕ دەبن یان هەردوکیان کچ و لە سەدا سەدی جیناتەکانیان وەک یەکن.
لەدایک بوون و ڕۆڵی دایکو باوکایەتی
لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا ئەم زانیارییانە کە وەک کۆدێک لە جیناتەکانەوە (دایک و باوک) لەگەڵ بیئەدا Invironment
کاریان کردووە تاکو فۆرمی ژیانێکی تر بکەن کە دەبێتە ئەو کۆرپەیە. کاتێک کە دایکەکە دیتە سەر ژان زۆرینەی لەدایک بوونەکان 14 کاتژمیر دەخایەنن گەر یەکەم منداڵ بێت، بەڵام بۆ منداڵی دووەم و سێیەم کاتی کەمتر پیدەجێت کە دەگاتە دەوروبەری 8 کاتژمیر.
لەبەشی یەکەمی ژانگرتنەکەدا، بەشێوەیەکی ڕیکخراو ژانەکان دێن بۆماوەی چەند خولەکێک و دوای بەری ئەدا تا ماوەی 20 خولەکێک سەر لەنوێ دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە قۆڕگیمنداڵدان بکاتەوەو حازری بکات. بەشی دووەمی پروسێسەکە کۆرپەکە خۆی ئەجوڵێنێ بەرەو دەرەوەو تاکو سەر دەر دەکەوێت و لەم حاڵەتەشدا کۆتایی بە پروسێسەکە دێت. عادەتەن کۆرپرکە یەکسەر دەست بە قیژە دەکاو دەگری ساتێک بە تەواوی دێتە دنیاوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سیستمی هەناسەدانی کەوتە گەڕ. پرۆسەر سێیەم وێڵاش دێتە دەرەوە. دەتوانین بڵێین کە لەسەدا 95 ی لەدایکبوونەکان یەکەم جار کۆرپەکە سەری بەرەو دەرەوە دێت، بەڵام لە حالەتەکەنی تردا قاچی کۆرپەکە یان قۆڵی بەرەو دەرەوە دێت و دەبیت یەکسەر نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
ئەوەی خەتەرناکەو ژیانی کۆرپەکە دەخاتە مەترسییەوە ئەوەیە کە یان پەتی ناوکی دایکەکە کە بە کۆرپەکەوە بەستراوەو  ووزەو ئۆکسژین دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەکە لەکاتی لەدایکبوونو ئەو قووەت کردنەدا بۆ لەدایک بونی کۆرپەکە ئەم پەتی ناوکە پێچ بخواتو بنوشتێتەوە ئەوا ئۆکسجین ناڕوات بۆ کۆرپەکە و دەخنکێت. ساتێک کۆرپەکە لەدایک دەبێت بە مردووی دیتە دەرەوە. یاخود وێڵاش پێش کۆرپەکە دێتە دەرەوە. یاخود کۆرپەکە توشی خوێن پژانی مێشک دەبێت یان بەهۆی ئەو دەرمانانە کە دەدریت بە دایک بۆ هەست کردن بە ژان کەمتربکات دەبنە هۆی لەناو بردنی کۆرپەکە بەر لەوەی کە فریا بکەوێت بێتە دنیاوە. جێگەی سەرنگە کە هەر چوار حاڵەتەکە کە ئەگەری لەناو بردنی کۆرپەکەیان هەیە لە پرۆسەی لەدایکبوونەکەدا ڕووئەدات.
خۆشەویستان ساتی لەدایک بوونی کۆرپەکە بۆ ناو دنیا گەورەترین ڕووداوە کە لە ژیانی مرۆڤدا. ئیتر لەمەو دوا ژیانی ئەم مرۆڤە تازەیە لەژێر بەگریدا نیە، نانو ئاوی بۆ دابین نەکراوە بە کوردییەکەی ئەو باوکەی مرد لە تەڕ بخواو لە وشک بخەوێ. هاتۆتە دنیایەکەوە کە هەموو حەزو ئارەزووەکانی یەکسەر جەبەجێ ناکرێت و نایەتە دی. دیتە دنیایەکەوە پڕ لە دەنگە دەنگو ڕووناکی تیژی ناخۆش. دەبێت بە یارمەتی سییەکانی ئۆکسجین هەڵمژێت. لەم ساتەوە مرۆڤ بەرەو ڕووی ژیان دەبێتەوە و گەر یەکێک نانو ئاوو پیداویستی بۆ دابین نەکات ئەوا ئەم کۆرپەیە لەناو دەچێت. لەم ساتەوە کە لە دایکی جیا دەبیتەوە ئەم کۆرپەیە تەواو پەیوەستە بە چواردەورەکەیەوە تاکو بتوانێت بەردەوام بێت لەژیاندا. زۆر لە دەروونشیکارەکان ئەم پرۆسەی لەدایک بوونە بە کارەساتێکی زۆر سەخت لەقەڵەم دەدەن بە نسبەت کۆرپەکەوە کە کارای دەکاتە سەر زۆر بەی زۆری ئەو شتانەی کە لە داهاتوودا بەسەر کۆرپەکەدا دێت. ساتێک کە فڕێدەدرێیتە دەرەوە لەناو ژینگەیەکی بێدەنگ و پڕ ئەمانەت لەناو منداڵدانی دایکداو بۆ ناو دنیایەک لە برسییەتی ساردو سەرما و دەنگە دەنگ و ژاوەژاوی خەڵکانو ڕادوێو تەلەفیزیۆنو هتد. دەبنە هۆی دروست کردنی دڵەڕاوکێ و هەست کردن بە پەشیمان بوونە و ئاواتەخواز بوون بۆگەرانەوە بۆ ناو منداڵدانی دایک. بەڵام ئەم تیۆرییەی دەروون شیکارەکان نەتوانراوە کە بە بەڵگەی زانستی بسەلمێنرێت. هەڵبەت لەبەر ئەوەی کە کەس ناتوانیت ئاخاوتنێک لەگەڵ ئەم کۆرپەیەدا بکات بۆی بزانن وایە یان وا نیە. لەهەمان کاتیشدا هیچ بەڵگەیەکی زانستی لە ئارادانیە کە ئەم تیۆرییە پوچەڵبکاتەوە.

کۆرپە تازەکە
کۆرپەکە بەهامان شێوە کارایی دەکاتە سەر دایکو باوکەکە کە دایکوو باوکەکە کارایی دەکەنە سەر کۆرپەکە. ئەم کارایی کردننە دەکەوێتە گەڕ ساتێک کە دایکو باوکەکە هەست دەکەن کە یەکێکی تر لە خێزانەکەیان زیاد دەکات، کاتیک دەزانن کە کۆرپەیەک بەڕیگەوەیە و چەند پرسیارێک دە هاژینێت لە لاشعوری دایکو باوکاندا،  وەک ئەوەی ئایا ئێمە حازرین بۆ پەروەردەکردنو بەخێوکردنی کۆرپەیەک؟ ئایا ئەتوانن ئەمانە پێکەوە بژین؟ قەلەقیو دڵەڕاوکی بۆ داهاتو، دەربارەی داهاتوو، ئیقتیسادی و داهاتی خێزانەکە وتەنانەت ترسی داگیرکاری شەڕو گۆڕڕانی بیئەو هتد. کە لە لاشعوری دایکان و باەکاندا دروست دەبن. لەهەمان کاتدا ترسو دڵەڕاوکێ بەرامبەر بە تەندروستی کۆرپەکە لە ناو منداڵدانو لەبارنەچونی کۆرپەکە کە بیرۆکەیەکی سروشتییەو زۆر لە دایکان بیر لەم کارە دەکەنەوە لەبەر ئەوەی لە سێ دایک یەک دایک منداڵەکەی لە سێمانگی یەکەمەوە لەباردەچێت. ترس و دڵەڕاوکێ دەربارەی ئەوەی کە ئایا بڕۆم بەسەر قادرمەدا یان شت هەڵگرم یان وەرزشبکەم یان جنسکردن لەڕاستیدا هیچی پەیوەنی بە لەبارچونەوە نیە. لەبارجوون لەسێمانگی یەکەمی سکەکەدا پەیوەندی بە خەلەلی کرۆمۆسۆمەکانەوە هەیە نەک بە چالاکی دایکەکەوە.
بۆ ئەوەی کە هیچ لە دایکو باەکان توشت گرفت نەبن زۆر باشە کە هەردوولایان خۆیان ئامادەکەن بۆ بەدەست هێنانەی ناسنامەیەکیتر کە ئەویش ئەوەیە کە ئەمان دەبن بە دایک و باوک ئەو ناسنامەیە وەردەگرن کە خۆی لە خۆیدا هەندێ لێپرسیارێریتی دەهێنێتە ئەستۆی خۆی ساتیک کە دەبینن دەبنە باوکو دایک بۆ مرۆڤێکی نوێ. ساتێک کە هەست دەکەن ئیتر خۆیان منداڵ نەماوون بەڵکو دەبێت پەروەردەو بەخێوکردنی مرۆڤێکی نوی لەئەستۆ بگرن. لە بیرتاننەچێت فاکتەری تر زۆر کاریگەری هەیە لەسەر ئەم دایکو باوکە نوێیە، ئەویش زیادکردنی کارکردنی باوکەکە، گۆڕڕانکاری لە پەیوەندی بەینی ئەم دوو هاوسەرە، پەیوەندی بەینی ئەم دوو دایک و باوکە تازەیەو دایکو باوکی خۆیان کە دەبنە نەنکو باپیرە و هەوروەها پەیوەندی لە بەینی ئەمانو خزموو کەسوکارو و دۆستو هاوڕێیان.
بەداخەوە کە دەبینین ئەم هەستکردنانە بەتایبەت لە بارەی داراییەوە دایکەکە هەستی زیاتر پێدەکات و لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا گەر باوکەکە زۆر ڕۆشنبیر و بە ئاگا نەبێت هەرچەندە بە لە پێش هاتنی کۆرپەکە ئیشو کاری ناو ماڵیان دابەش کردبێت و یارم،ەتی هاوسەرەکەیان دابێت ئەوا بەداخەوە لە دوایی هاتنی کۆرپەکە دوایی عاداتو تەقالیت دەکەونو هەموو ئەرکی ناو ماڵوو منداڵەکە دەسپێرننەوە بە دایکەکە، هەرچەندە دایکەکە لەم ساتەدا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یارمەتییە.
ڕٶڵی باوکایەتی لە پرۆسەی لەدایکبووندا.
لە ڕێگەی زۆر لێکۆڵینەوەوە وا دەرکەوتووە کە خۆ حازرکردنی باوکەکەو بەشداریکردنی چالاکانەی لە پرۆسەی لەدایکبوونەکە، کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر چەند درێژ خایەنی لەدایک بوونەکە. واتە چەند کات دەخایەنێت. هەتا دایکەکە هەست بە ئەمانەت زیاتر بکات، لە هەموو بارەیەکەوە تەنانەت باری داراییش، زووتر ڕزگاری دەبێت لەو پرۆسەی منداڵ بوونەو، ڕەد فیعلی، کاردانەوەی دایکەکە بۆ ئازارو ژانی لەدایک بونەکە. هەست کردن بە ژان کەمتر دەبێت و زیاتر دایک دڵخۆش دەبێت بەوەی کە کۆرپەکەی دیتە دنیاوە ساتێک دەبینێت مێردەکەی، باوکی کۆرپەکەی، زۆر چالاکەنە و خەم خۆرانە دێت بە تەنگ پرۆسەکەوە.
دەرمانخواردن بۆ ئازاری ژان، باری بایۆلۆژی و باری دەروونی دایکەکە زۆر کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی چۆن دایکەکە پرۆسەی لەدایک بونەکە لەقەڵەم دەدات. بەڵام سێ فاکتەری سەرەکی زۆر کەریگەرن لەم کارەدا. ئەویش یەکەم حازربوون وخۆ ئامادەکردنی دایکو باوکەکەیە بۆ ئەم پرۆسەیە بەر لە وەی بێن بۆ ویلادە، دووەم ئەو یارمەتییە و پشتگیرییەی کە ئەم دایکو باوکە هەیانە لەلایەن چوار دەوروبەرەکەیانەوە و سێیەم ئەو ژینگەیەی کە بۆی ڕێکخراوە لە شوێنی منداڵ بوون، ویلادە. زۆر بەی زۆری ئەو دایکو باوکانەی کە تازەنو یەکەم جاریانە عادەتەن هەر زانیاری خراپیان دەستکەوتووە دەربارەی ئەم پروسیسە لەلایەن دایکو باوکیانەوە یان مێدیاکانەوە کە گوایە ئەم پەروسێسە زۆر ئازاراوییە. لەم کاتەدا زۆر گرنگە کە دایکو باوکی تازەو بێ خیبرە زانیاری زانستی پەیدابکەن لەسەر ئەم بابەتی لەدایک بوونە، چونکە کە زانیاریان هەبوو لەسەر ئەم پروسێسە دبێتە هۆی کەمبوونەوەی دڵە ڕاوکێو ترسو لەرز کە ئەمەش لەئەنجامدا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی هەست کردن بە ئازار.
بەنسبەت منداڵەکانی تری خێزانێکەوە ساتێک دەزانن کە کۆرپەیەکی تر دێتە خیزانەکەیانەوە هەست بە دڵ ناخۆشی دەکەن لە ناوەوە بەتایبەت لەساتێکدا کە ئەم منداڵانە لەباری دەروونییەوە بەشداری ئەم پرۆسەیە نەبووبن. ساتیک دەبینن دایکیان زوو زوو ون دەبێت لێیان بۆ شوێنێک کە دەچێت کۆرپەیەکی تر بێنێ دەبێتە هۆی دروست بوونی بیرۆکەیەک لای منداڵەکان کە ئەمان کەمو کوڕیەکیان تیا هەیە بۆیە دایکوباوکیان دەچن بۆ شوێنیکی سەیر بۆ هینانی کۆرپەیەکی تر. ئەم بیرۆکانە وەک ئەوەی ئێمە خراپیین، بێحەیاین، ناشرینین...هتد لە لاشعوری ئەم منداڵانەدا دروست دەبن کە دەبنە هۆی غیرە کردنیانەوە بەرامبەر بە کۆرپە نوێیەکە کە لەم ساتەدا ئەم کۆرپە نوییە پیویستی بە یارمەتی هەموو لەیەک هەیە بۆی بەردەوام بێت لەژیاندا. جا دایکانو باوکان دەبێت زۆر بەجوانی لە منداڵەکانیان تێبگەیەنن کە دەبێت تەنانەت ئەوانیش یارمەتی بدەن بۆ بەشداربوون لە یارمەتیدانی ئەم کۆرپە تازاییەی کە هاتۆتە ناو خێزانەکەوە و زانیاری تەواویان بدەنێ کە هاتنی ئەم کۆرپەیە هیچ پەیوەندی بە کەمو کوڕی هیچ کەسێکەوە نیە و لەم ساتەدا ئەم کۆرپەیە لەهەموان زیاتر پێویستی بە یارمەتیدانە و دەبێت ئەمانیش بەشدار ببن لەم یارمەتیدانەو لە هەمان کاتدا خاڵات بکرێن کە ئاوا باش لەگەڵ خیزانەکەدا باشداری ئەم پروسەیەن. 
لە کۆمەڵگای ئەمەدا عەیبە کە پیاوان بەشدار بن لە پرۆسەی منداڵ بوونەکەدا، کە ئەتوانم بڵێم بەداخەوە کە کۆمەڵەگایەکی زۆر عەشایەر و دواکەوتومان هەیە. بەشدار بوونی باوکان لەم پرۆسەیەدا لە شوێنی لە دایکبوون زۆر کاریگەی هەیە لەسەر پرۆسەی لەدایک بوونەکە و جێگەی ئەمانەتێکی زۆر زۆر بۆ دایکەکە و هەست کردن بە ئازارو ژانکردنی دایکەکە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەرجەندە باوکان لەبەر فشاری کۆمەڵایەتی نەوێرن بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن بەڵام لە بارەی هەستو ئیحساس و کاردانەوەوە هەر بەشدارن و هەست بە لێپرسراویەتی ئەکەن ساتێک کە دەزانن کە هاوسەرەکانیان سکیان هەیە، بەڵام لە زۆر کۆمەڵگادا جێگە عەیبەیە کە ئەم جۆرە هەست کردنە پیشان بدەن وەک ئەوەی کە هەر مرۆڤ نەبن. لە ئەوروپا و ئەمریکا دا لە سەدا 95 ی باوکان لە شوێنی لەدایکبوون بەسدارن لە ئازارو ژانەکانی هاوسەرەکانیەن بۆ هینانە دنیای کۆرپەکەیانەوە بەڵام بەخوا لەوباوەڕەدانیم کە لە کوردوستانی خۆماندا تەنها یەک پروسێنت واتە لەسەدا یەکی لە باوکان بەشداری ئەم پرۆسەیە بن. لە زۆر کلتوردا باوکان بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن ساتێک بزان کە کۆرپەکە کوڕ دەبێت و کچ نیە.
لە زۆر حاڵەتدا باوکەکە هەندێ کاردانەوە پیشاندەدات وەکو هیلاکیو ئازاری ددانو دڵتێکەڵ هاتن و لەهەمان کاتدا کاردانەوەی دەروونی وەک ئەوەی کە تووشی دڵەڕاوکێ دەبیت بۆ ئەوەی کە منداڵەکە نوقسانبیت یان نا، لە خۆی بچیت یان نا، کێشی زیاد دەکات. لە هەمان کاتدا دڵەڕاوکێ و دودڵی بەرامبەر ئەوەی کە ئەم کۆرپە چۆن کارایی دەکاتە سەر پەیوەندی نێوان خۆی و هاسەرەکەی و دەیگۆڕێ.

باوکو دایکایەتی
هەر لەوساتەی کە دەزانرێت دایکەکە سکی هەیە، کاریگەرییەکی دوولایەنە دروست دەبێت. ئەم سکە (منداڵە) کاریگەری لەسەر باوکو دایکەکە دروست دەکات بەقەدەر ئەوەی کە باوکو دایکەکە کارایی دەکەنە سەر کۆرپەکە. کاتێک ئەم ژنو مێردە پێدەزانن کە کۆرپەیەک دێتە ناویانەوە هەستێکی تایبەتی دروست دەبێت کە فشارێکی دەرونی دەخاتە سەریان ساتێک بیر دەکەنەوە کە ئاخۆ داهاتوویان چۆن ببێت؟ ئاخۆ بتوانین وەک خێزانێک کۆرپەکەمان بەخێو بکەین و بتوانین پێداویستیەکانی بۆ دابین بکەین؟  قەلەقی و دڵەراوکێ لەبارەی داراییەوە تەنانەت دەبێتە هۆی تێکچوونی خەویشیان بەتایبەت باوکەکە کە لە کۆمەڵگایەکی وەک ێمەدا زیاتر باوک ڕۆڵی بەرپرسیارییەتی باری دارایی دەگرێتە ئەستۆ. ئەم دڵەڕاوکێیانە دەبنە هۆی تێکچوونی چالاکییە سەکسییەکانی نیوان ژنو مێردەکە کە ئەم چالاکییانە زۆر کەم داکات یان بۆ مەوقەت ڕوو لە نامان دەکات. دڵەڕاوکێ بەرامبەر تەندروستی کۆرپەکەو تراسان لەوەی کە کۆرپەکە لاباربچێت لەبەر ئەوەی لەبارچوونی سروشتی زیاتر لە سیمانگی یەکەمی سکەکەدا ڕوودەدات و لێکۆڵینەوە دەریخستووە  لە سێ سک یەکێکیان لەباردەچێت، بەڵام دڵەڕاوکێ ی دایکان زۆر زۆر لەم سێمانگەدا بەرامبەر بەوەی کە خٶیان نەبنە هۆی لەبار چوونی کۆرپەکەیان، لەبەر ئەوە دایکان زۆر بە حەزەرەوە هەڵسوکەوت دەکەن بەڵام لەڕاستیدا ئەم بۆچوونانە هیچ بنەماییەکی زانستی بۆ نیە لەبەرئەوە گرنگە کە دایکان بزانن کە هیچ خەتەرناک نیە بۆ لەبارچوون کە بەسەر قادرمەدا سەربکەویت یان وەرزش بکەن و هیچ پەیوەندییەکی بەسەر کاری سێکسییەوە نییە. لەبارچوون زیاتر پەیوەندی بە خەلەلێکی کۆرپەکەوە یان هێلکە پیتێنراوەکەوە هەیە نەک چالاکی دایکەکە.
زۆر لە دایکو باوکان توشی تەنگوچەڵەمە قەیرانێکی دەروونی دەبن کاتێک هەست دەکەن ئەو شارەزایی و ئەزموونەی  کە تا ئێستا هەیانە و ئەو شێوازی چارەسەرکردنانەی کە بەکاریان هێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان سودیکی زۆری نیەو هەست بە نەزانین و بێئەزموونی و نەشارەزایی دەکەن. هەست دەکەن کە ژیانیان ڕێچکەیەکی تری گرتۆتەبەر. بۆ ئەوەی کەلەم تەنگوچەڵەمە دەرونیە ڕزگریان بیت دەبێت تەبیعەتو شێوازی هەڵسوکەوتیان بگۆڕن تا بتوانن خۆیان لەگەڵ ژیان کردنە تازایەدا بگونجێنن. بەهەمان شێوەی جۆن کاتێک کە خێزان دروست دەکەین ژیان مان دەگۆڕێت و هەندێ کێشە و ئیلتیزامات دروست دەبێت و سنور بۆ خواستو ویستەکان دادەنرێت کە ئەم گۆڕان کارییانە مانایەکی سلبی ناگەیەنن بەڵام کارکردنی دەوێت بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نوێیە. یەکێک لەو تەنگوچەڵەمانەی کە ئەم ژنو مێردە توشی دەبن ناسنامەی باوکایەتی و دایکایەتی کە زۆر گرنگە بتوانێت لە دڵو دەرونەوە ئەم ناسنامە تازەیە قبوڵ بکات و دەمجی بکات بەخۆیەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن وەک دایک و باوک بچنە ناو پەیوەندیەکی خێزانییەوە لەگەڵ کۆرپە نوییەکەدا. لە دوای ئەمەوە گۆڕانکاری ڕوودەدات لە خواشکو براکانو دایک و باوکی ئەم دایکو باوکە تازەیەدا ڕوودەدات. ئیتر لەمەو دوا ئەمانە منداڵ نین و خۆیان بونەتە باوکو دایک کە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر پەیوەندی بەینی ئەم دایکو باوکە تازەیە و خوشکو براو دایکو باوکەکانیان کە ئتر ئەوانێش ڕۆلێکی تازە وەردەگرن وەک بابیرە و داپیرە.
زۆر هۆکار هەن کە کارایی دەکەنە سەر ئەوەی کە ئەم دایکو باوکە ئەم بارو دۆخەی کە تێی کەوتون چۆنی هەڵسەنگێنن بە پۆسیتیڤ یان نێگیتیڤ. پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دایکو باوکە تازەیە لەگەڵ دایکو باوکو کەسوکاریاندا هەروەها دۆستو هاوڕێکانیاندا زۆر کاریگەری هەیە بە تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی وەک ێمەدا کە هیچ کەسێکمان خاوەنی ناسنامەیەکی Identity سەربەخۆ نین بەڵکو ناسنامەی ئێمە دایمە پەیوەستە بە چواردەورمانەوە لە ژێر کاریگەری جەختەکردنەوەی confirm  چواردەورەکەماندایە. هۆیەکی تر ئەوەیە کە باوک بەتایبەتی دەبێت زیاتر کاربکات بەمەش فشاری دەرونی بۆ زیاد دەبێت. ئەمەش زیاتر لە لایەن دایکەکەوە پیشان دەدرێت لە ئاستێکی نەزانراودا unconscious واتە نەک دایکەکە ئەم ئەرکە زۆرە بە هاوسەرەکەی بسپێرێت بەدەمیی بەڵکو لەڕێگەی هەڵسوکەوتو قسەکردنییەوە وا لە باوکەکە دەکاتو بۆی دووپات دەکاتەوە کە ئەرکی تۆیە ژیانمان بۆ دابین بکەیت ئەمەش کارایی کلتوری لەسەرە و لەهەمانکاتدا دایکەکە لە کۆرپەکەوە زیاتر نزیکە و مەسولیاتی ماڵو پەروەردەکردنی کۆرپەکەی لەسەرشانە. هەرچەندە دایکو باوکان بەر لە لە دایک بونی کۆرپەکەیان ڕێککەوتبن لەسەر دابەشکردنی ئیشوکارەکانی ناوماڵ و ژیانیان بەداخەوە زۆر لە سەدا85 ی ئەم ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێتەوەو ڕێچکە کلتورییەکەی خۆی دەگرێتەبەر وەک ئەرکەکانی ژن هەر بۆخۆییو پیاوێش هەر پیاو. زۆری ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە وەک وتم ئێمە خاوەنی ناسنامەیەکی سەربەخۆ نین و بەڵکو پەوەستە بە چواردەورمانەوە. ساتێک ئەم پیاوە کارێکی جیاواز بکات کە لە ناسنامەی پیاوەتی دەچێتە دەرەوە لە لایەن ئەم چوار دەوەرەوە سەرزەنشتو برینداری هەستی دەکرێک کە ‌هەڕەشەیە بۆ سەر ناسنامەی ئەم باوکە تازەیە کە تازە ڕۆڵێکی تایبەتی گرتۆتە ئەستۆ کە لە ڕاستیدا دەبێت زیاتر ئەم چواردەورە یارمەتی ئەم دایکو باوکە تازەیە بدەن.
کۆرپە نوییەکەو کاریگەری لەسەر پەیوەندی دایکو باوکەکە
 گەر بێت و ئێمە ئەم ژنو میردو خێزانە بە سیستەمێک لە قەڵەم بدەین ئەوا ساتێک ئەم کۆرپە نویە دەبێت بە ئەندام ئەم خێزانە پێویستی بە سەرلە نوێ restructuring ڕێکخستنەوە دەبێت بۆ ئەوەی کە بەڵانسی ئەم خێزانە تێک نەچی. Jay Belsky 1981  دەرووناسی ئەمریکی مۆدێلێکی دروستکردووە تیایدا ئەم خێزانە دەکات بە سێ بەشەوە. یەکەم تەبیعەتی منداڵە ساواکە و گەشەکردنی، دووەم دایکو باوکایەتی و سێیەم پەیوەندی نیوان ژنو میردەکە. ئەم سێبەشە هەرسیکیان کاریگەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەو خۆیان لەسەر یەکتری هەیە و هەرگیز ناتوانرێت هیچکام لەم بەشانە بەتەنها ببینرێن. بۆنموونە ئەگەر کێشەیەک یان هەر شتێک ڕووبدات لە پەیوەندی نیوان ژنو میردەکەدا کە خاڵی سێیەمە لە مۆدێلەکەدا ئەوا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەو خۆ کاریگەری دەکاتە هەڵسوکەوتی منداڵەساواکەو پێگەیشتنی(خاڵی یەکەم) و باکو دایکایەتی (خاڵی سێیەم). لەهەمانکاتدا ساتێک منداڵە ساواکە هەڵسوکەوتی بە جۆریکە ئەمیش کارایی ڕاستەوخۆو ناڕاستەو خۆ دەکاتە سەر پەیوەندی نیوان ژنو مێردەکەو دایک و باوکایەتی.
دەتوانم بڵیم کە کاریگەری ئەم منداڵە ساوایە بەم بچکۆلەییەی خۆییەوە ئەمەندە زۆرە کە دەوانێت ببێتە سەرچاوەی یەکگرتوویی ئەم خێزانە و گەرمو گوڕو پتەویی یان ببێتە سەرچاوەی لێک هەڵوەشاندنەوە و جیا بوونەوەی ئەم خێزانە. لەبەر ئەمەیە کە ئەم خێزانە تازە لەدایکبووە پێویستی بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە هەیە تاکو هەر یەک لە ئەندامانی خێزانەکە قورسایی و بایەخی خۆی هەبێت و کەس ئەوی تر فەرامۆش نەکات.
وەک دەزانن هەموو خێزانیک لەناو سنووری ماڵەکەی خۆیدا یاسای تایبەتی خۆیان هەیە و هەر خێزانە جیاواز لەوانی تر یاسای بۆ خیزانەکە و ئەندامانی خیزانەکەی داناوە کە چۆن هەڵسو کەوتو ڕەفتار بکەن. لە دروست کردنی خیزانێکدا ساتیک ئەم یاسایانە ڕێژەی نەگۆڕبن ئەوا ئەم سەر لە نوێ ڕێکخستنەوەیە ڕوونادات، بە هاتنی کۆرپەیەکی نوێ و یاساکان بە پێی بارودۆخە نوێیەی کە کۆرپەکە هیناویەتە ئاراوە، سەر لە نوێ داناڕێژرێنەوە و ناگونجێنرێن لەگەڵ پێویستی خێزانەکەدا. لەم جۆرە خێزانەدا گۆڕانکاری وەک هەڕەشەیەک لە قەڵەم دەدرێت و ئەو یاسایانی کە ئەندامەکانی خێزانەکە دەبات بەڕێوە نابێت جێگەی پرسیار بێت. بەڵام لە خێزانی کراوەدا کە قابیلی گۆڕران و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە یاساکانی بە پێی هەلومەرجی بارودۆخو پێویستی خێزانەکەی دەگۆڕێو دەگونجێنێت. زوربەی زۆری خێزانی کۆمەڵگەی ئێمە بە زەحمەت دەچنە قاڵبی خێزانی کراوەوە. دەتوانین بڵێین زۆربەیان لە شار نشینەکان بە بۆچونی من دەکەونە بەینی خیزانی داخراو و کراوەوە.
بە هاتنی کۆرپریرکی نوێو زیاد کردنی ئەندامێک لە خێزانەکەدا فشار وکاریگەرێکی زۆر دەخاتە سەر پەیوەندی بەینی ژن و مێردایەتی دوو هاوسەرەکەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی Belsky کە کردوویەتی هارمۆنی و ئەو خۆشیبینینەی هاوسەرگیر بەینی ئەم ژن و مێردە بە هاتنی کۆرپەیەکی نوێ (بەتایبەت لە خیزانێکدا کە تازە کۆرپەیان دەبیت) بەڕادەیەکی خەیاڵی کەمدەبیتەوە هەر لە سێمانگی یەکەمی سکەکەوە تا نۆ مانگ دوایی لەدایکبوونی کۆرپەکە. ئەم کەمبوونەوەیە لەلایەن ژنانەوە زیاترە تا پیاوان. بەڵام پیاوان و ژنان وەک یەک ڕازو گلەییان هەیە لە پەیوەندی ژناو مێردایەتیاکەیان دوایی هاتنی منداڵەکە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو ژنو مێردانەی کە پەیوەندیان باش بووەو ڕازی بوون بەر لەهاتنی کۆرپەکە دوای ڕازینەبن نەخێر بەڵکو بەردەوان لە باش هەڵسەنگاندنی پەیوەندی ژنو مێردایەتیەکەیان و ئەوانە کە ڕازی نەبوون لە ژنومیردایەتیەکەیان بەر لەهاتنی کۆرپەکە هەر وەک خۆیان دوای هاتنی کۆرپەکە بە ناڕازیی ماونەتەوەو کۆپرپەکە نەبۆتە مایەی باشی و ڕازی بوون لە پەیوەندی ژن و مێردایەتی. بەپێی گوتەی Philp Hwang ئەمە تاقە فاکتەر نیە بۆ ئەم ناڕازیبوونە بەڵکو خودی خێزانی ئەم دوو هاوسەرە، واتە دایکوباوکی ئەم ژنو مێردە، و پەیوەندی ئەمان بەم خێزانە تازەیەوە و تەنانەت برادەرو دراوسی خزمانیش کاریگەری خۆیان هەیە.
توشبوون بە خەمۆکی لای تازە دایکان
منداڵ بوون هەرچەندە بە پرۆسێسێکی پۆسێتیڤ لە قەڵەم دەدریت لای زۆرینە بەڵام دەوروبەری لە دودایک یەکێکیان توشی ئەم حاڵەتە دەبن. دایکەکە زۆر ناسک دەبیتەوەو زۆر بە ئاسانی عاجزدەبێت و خەفەت دەخوا، زۆر حەساس دەبێت، تەحەمولی هیچ ناکات و زۆر زوو عەصەبی دەبێت و هەڵدەچێت و هەست بە دڵ تەنگی دەکات. ئەمەش لە دوای 3 تا 5 ڕۆژ دوای لە دایک بوونی کۆرپەکە ڕوودەدات و عادەتەن دوای 1 تا 2 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەم کێشە دەروونیانە دەڕوات. ئەو دایکانەی ئەم کێشانەیان کۆتای پێ نەیەت و زیاتر درێژبێتەوە ئەوا ئەگەر توش بوونیان بە نەخۆشی خەمۆکی زۆر زیاترە. دەتوانین بڵێین لەسەدا 10 ی دایکان توشی ئەم قۆناغە دەبن، بەڵام تا چەند بەردوام دەبیت و تاچەند ئەم نیشانانە بە‌هێزن لە دایکەوە بۆ دایک دەگۆڕدرێت. ئەمیش زۆر پەیوەستە بەو یارمەتی و پشتگیرییەی کە دایک و باوکی تازە وەریدەگرن لە خزمو کەسوکار و کۆمەڵگاکە. واتە ئەو دایکو باوکانەی هەست بە ئەمانەت متمانە دەکەن بە چواردەورەکەیان و کۆمەڵگاکەیان ئەوا ئەگەر توش بونیان بە خەمۆکی زۆر کەمترە یان هەر توشنابن.
زۆر بەی زۆری دایکان کە توشی ئەم خەمۆکییە دەبن لە بەینی 2 تا 6 مانگ کۆتایی پێدێت، بەڵام هەندێکی تریشیان هەن کە لە ساڵیەکوە تا چەند ساڵیک دەخاییەنێت. جا ئەوەی کە کێشە دروست دەکات و خەتەرناکە ئەوە یە کە ئەم خەمۆکییە تەنها دایکەکە ناگرێتەوە بەڵکو گاریگەرییەکی پتەو دەکاتە سەر پەیوەندی نێوان دایکەکەو کۆرپەکە و لە هەمان کاتدا دایکەکەو مێردەکەی. زۆر لێکۆڵینەوە دەریان خستووە کە ئەو دایکانە کە توش بوون بە نەخۆشی خەمۆکی کاتێکی زۆر کەم تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی کە لە منداڵە ساواکە نزیک بێتەوە و سەیری بکات و لەهەمان کاتدا بە دەموچاوێکی نێگەتیڤە وە لە منداڵەکەی و جوڵاندنەوەکانی دەڕوانێت لە چاو ئەو دایکانەی کە توشی خەمۆکی نەبوون.
Tiffiny Field  کە دەرووناسێکی ئەمرییکییە لە دوای لێکۆڵینەوەکانی  دەربارەی دایکی توشبوو بە نەخۆشی خەمۆکی دەڵێت کە دایکی توشبوو بە نەخۆشی خەمۆکی کۆرپەکەی بە شتێکی نەگەتیڤ لەقەڵەم دەدات و دەبینێت، کە ئەمەش کاراییەکی نێگەتیڤ دەکاتە سەر پەیوەندی بەینی کۆرپەکەو دایکەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵی ئەم دایکانە زۆر ناچالەکن، گڕوگاڵیان ، دەربڕینی ڕوخسارییان زۆر کەمە و زیاتر سەریی ئەلاوە دەکەن تا خەڵکانێک کە دەیەوێت گڕوگاڵی لەگەڵ بکات و ناڕازیبوون زۆر پیشان دەدات. ئەم کاریگەریانە بیگومان کارایی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر داهاتوی منداڵە ساواکە. بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئە منداڵانەی کە دایکەکانیان توشی خەمۆکی بوون لە پاش لەدایکبوونی کۆرپەکان، ڕادەی تێگەیشتنیان زۆر کەمترە لەو منداڵانەی کە دایکەکانیان توشی خەمۆکی نەبوون. زۆر لە دایکانی توشبوو بەم خەمۆکییە ڕاییان گەیاندووە کە کۆرپەکانیان لە تەمەنی 18 مانگیدا کێشەی خەویان هەیە، نان ناخۆن و زۆر دەگرین. ئەوەی کە زۆر زۆر گرنگە بۆ منداڵی ساواو تایک پەیوەنی گرێبەستی attachment و تێگەیشتنی ئەم دایکەیە لەگەڵ منداڵەکە ، وە ئەوەی کە زۆر ترسناکە ئەوەیە کە ئەم خەمۆکییە وا دەکات کە کۆرپەکە متمانەی بە دایەکەی نەبێت و ڕادەی قورسی ئەم خەمۆکییە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لەم پەیوەندی و گرێبەستییەدا.

خوێنەرانی خۆشەویست لە باسی داهاتودا کە بەشی پێنجەمی بابەتەکەیە، دێمە سەر باسی منداڵی ساوا لە تەمەنی 0 تا 2 ساڵ. بەو هیوایەی کە سودمەندبێت بۆ دایکان و باوکانی خۆشەویست.

söndag 5 juni 2011

Development psychology بەشی سێیەم

سایکۆلۆژیای گەشەکردن  Development psychology
بەشی سێیەم
 میران زوهدی دەرونناس و دەرونناسی کۆمەڵایەتی 
Miran.psychologist@hotmail.com














مانگی پێنجەم
هەفتەی بیستویەک
لەم قۆناغەدا کۆرپەکە کێشی گەیشتۆتە دەوری 260 گم و دریژیەکەت خۆی ئەدا لە 27 سم. چاوەکان و پێڵوی چاوەکان تەواو گەشەیان کردووە و سەری پەنجەکانیش تەواو بوون لە دروست بوون و نینۆکەکانیش دروست بوون. لەم قۆناغەدا گوێچکەی کۆرپەکە زۆر بەچوانی گەشەی کردووە و کۆرپەکە گوێبیستی هەموو شتێکە. دایک و باوک ئەتوانن تاقیبکەنەوە ساتیک لەم قۆناگە بەدواوە زۆر گوێبگرن لە گۆرانیەک کە گوێیان لێ دەگرن و دوا جار ئەتوانن سەرنج بدەن کە هەمان گۆرانی لێدەدرێت پاش لەدایک بوونی کۆرپەکە، کۆرپەکە وەڵام دەداتەوە و پی دەکەنێ کە گوێی لەم گۆرانییە دەبێت.   


هەفتەی بیستودوو
لەم قۆناغەدا کۆرپەکە کێشی گەیشتتۆتە دەوروبەری 430 گرام و درێژیەکەشی خۆی ئەدا لە 28 سم. لەم قۆناغەدا چاوەکان و دەم و لێوی شکڵی خۆیان وەرگرتووە. پەنکریاس هێشتا لە گەشەکردندایە. لەم ساتەوە شوێنی ددانەکانی دیارن و ئامادەن. دایکان تا ئەم قۆناغە کێشیان لە بەینی 5.5 تا 7 کیلۆ زیادی کردووە، بەڵام لەم قۆناغە بەدواوە هەفتەی دەوروبەری ڕوبعە کیلۆیەک کێشیان ئەچێتە سەرەوە. شتێکی سروشتیە کە دایکان حەزو ئارەزوی هەندێ خواردنو خواردنەوەی تایبەت بکەن بەتایبەت لەم هەفتەیەدا.




هەفتەی بیستوسێ 
لەم هەفتەیەدا کۆرپەکە کێشی گەیشتۆتە چەند غرامێک لە نیوکیلۆ زیاتر و درێژیەکەی دەگاتە دەوروبەری 29 سم. کۆرپەکە هەستیاری بیسنی زۆر بەباش گەشەی کردووە و ئەتواێ گوێی لە دەنگی دایکی بێت بەڵام بەمنگی وەک ئەوەی کە لە ناو ئاودابیتو یەکێک قسەبکات، لەهەمانکاتدا ئەتوانێ گوێبیستی هەموو قۆڕە قۆڕی گەدەو ڕیخۆڵەی دایکببێت بەباشی. زۆر لیکۆڵینەوە دەریخستووە کە کۆرپەکە وەڵام ئەداتەوە کە دایکی گوێ لە مۆسیقا دەگرێت. ساتێک گوێ لە مۆسیقای خاو ئەگرن کۆرپەکە لەسەر خۆ ئەبێتەوەو کاتێک کە دایکان گوێ لە مۆسیقای خێرا ئەگرن وەک هەڵپەرکێ، کۆرپەکە لە سەکی دایکیا زیاتر ئەجوڵێتەوە. هەندێ لێکۆڵینەوەی تریش دەریان خستووە کە کۆرپەکە دوای لە دایکبوونیان کاتێک کە گوێ بیستی هەندێ گۆرانی ئەبن کە دایکیان زۆر لێیان داوەتەوە کە لە سکی دایکیان دا بوون، یەکسەر ئەیناسنەوەو پێ ئەکەنن ئەگەر مۆسیگاری شادی بێتو دەست دەکەن بە کوڕوزە کۆڕز گەر مۆسیقای خاو بێت یان حەزین بیت. سییەکانیشی زۆر بەباشی خۆیان ئامادە دەکەن بۆی کە بتوانن بەڕێکوپێکی کاربکەن ساتێک کۆرپەکە دێتە دنیایی دەرەوەی منداڵدان.



هەفتەی بیستوچوار

کۆرپەکە کێشی گەیشتۆتە 600 گم، کۆرپەکە تەواو گەشەی کردووە تەنها پێستی لەشی هێشتا زۆر تەنکە و بەرگەی هەموو بارودۆخێک ناگرێ. لەم قۆناغەدا کۆرپەکە تەواوی منداڵدانی دایکی پڕ کردووەو درێژییەکەی ئەگاتە 30 سم. لەم قۆنغەدا مێشکی زۆر بەخێرایی گەشە ئەکات. هەستیاری تام کردنی زۆر بەباشی گەشەی کردووە. نەخشەی پەنجەو قاچەکانی دروست بوون. سییەکانی و بۆری سییەکانی زۆر باش گەشەی کردووە بۆی کە بتوانن بەرگەی ئۆکسجین هەڵمژین بگرن، بەڵام هەر لەگەشەکردندان!



مانگی شەشەم
هەفتەی بیستو پێنجج
کۆرپەکە کێشی گەیشتۆتە دەوروبەری 660 گم و درێژییەکەشی 35 سم. لەم قۆناغەدا کۆرپرپەکە چەوری پێستی زیادی کردووە بەڵام هێشتا لاواز دیارە. هەستیارەکانی زۆر باش گەشەیان کردووە. گەر دەست بەیت لە سکی دایکەکە کۆرپەکە خۆی ئەجوڵێنێت و ئەڕوات، تاقیکردنەوەیان کردووە لە هەفتەی 26 دا ساتێک کە لایتێک ئەبەیتە نزیک سکی دایکەکەوە منداڵەکە یەکسەر سەری وەرئەگێڕێت و پشتی تێ ئەکات ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت کە کۆرپەکە بینایی باش گەشەی کردووە.




هەفتەی بستو شەش
لەم قۆناغەدا کۆرپەکە درێژیەکەی گەیشتۆتە 36سم و کێشیشی لە دەوروبەری 760 گم دەبێت. چاوەکانی باش گەشەیان کردووە. لەدەوروبەری کۆتای مانگی حەوتدا کۆرپەکە زیاتر وەڵامی دەنگ ئەداتەوە لە شێوازی جوڵاندنەوەدا چونکە دڕکە پەتکی گوێچکەکانی باش گەشەیان کردووە. منداڵەکە بەردەوامە لە هەناسەدانی کەم کەم وەک ڕاهێنانێک بۆ ژیانی دەرەوەی منداڵدان هەرچەندە ئەم هەناسەدانە ئاوی ناو کیسەی منداڵدان بێت لەباتی هەوا. زۆر گرنگە کە دایکان خواردنی تەواو لە ڤیتامینات بخۆن بەتایبەت ڤیتامین D کە بۆ گەشەی مێشک زۆر گرنگە، وەک سەوزەوات و هەموو بەرهەماکانی شیری مانگا، بخۆن.


هەفتەی بیستو حەوت
لەم قۆناغەدا کۆرپەکە کێشی گەیشتۆتە دەوروبەوری 875 گم و درێژییەکەشی 36 سم. کۆرپەکە ئەتوانێ چاوەکانی داخاتو بیکاتەوە. کۆرپەکە شێوازی خەوتنی ڕێکبۆتەوەو لەکاتی خەوتن ئەخەوێوتو کاتی بەخەبەربونیش بەخەبەرە. زۆر لە زاناکان پێیان وایە کە کۆرپەکە خەون دەبینی لە هەفتەی 28 ەوە، بەڵام ئایا خەون بەچیەوە دەبینێت؟ کەس نازانێت، ئەوەندە زانراوە کە مێشکی کۆرپەکە زۆر active ە یان چالاکە لەم قۆناغەدا. ئەگەر دایکان هەستیان کرد کە کۆرپەکە بە شێوازێکی ڕیک ئەجوڵێتەوە ئەوە زۆر بە ئاشکرا ئەتوانێت نزگەرەی کۆرپەکەبیت کە بەتایبەت لەم هەفتەیەدا زۆر ڕووئەدات.



هەفتەی بیستوهەشت
لەم هەفتەیەدا کۆرپەکە درێژیەکەی گەیشتۆتە دەوروبەری 38 سم. ئەتوانێ سەری بجوڵێنێت و چاوەکانی بکاتەوەو دایبخات، ساتێک تیشکێکی بەهێز ڕووئەکرێتە سکی دایک کرپەکە چاوەکانی دائەخات. چەوری ژیر پێست دروست دەبێتو ئێسقانەکانی پتەوتر ئەبن.






هەفتەی بیستو نۆ
لەم هەفتەیە بەدواوە دایکان هەست بە ئازار دەکەن و هەندێچار واهەست دەکەن کە قەت لەم پرۆسیە ڕزگاریان نابێت و زۆر لەمێژە پێوەی هیلاکن. زۆر جار لەبەر ئەوەی کە زۆر بیر لە پرۆسەی منداڵبونەکە دەکەنەوە و دەترسن بە رامبەر ئەنجامەکەی بەتایبەت کە یەکەم سک بێت، دایکان زۆر توشی دڵەراوکێو خەمۆکیەکی کتوپڕ دەکات کە لە ناکاو ئەم خەمۆکیو بێتاقەتیە دێتو دەڕوات. زۆر شت هەیە کە دەبێتە هۆی ئەم دڵەڕاوکێو خەمۆکییە، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە دایکان قەلەقی منداڵەکەن ئاخۆ کەم ئەندام نەبێت؟، ئاخۆ منداڵەکەم ببینم هیچم لێنەیەت بەسەر منداڵەکەوە؟، ئەی چۆن بەخێوەی بکەم؟ هتد.. ئەم پرسیارانە ئاسایین کە لە لای دایکان دروست ئەبن پێش منداڵ بوون بە تایبەت لەم هەفتەیە بەدواوە، لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە باوکان خەمخۆری خۆیان و گوێڕایەڵی خۆیان بۆ خێزانەکانیان هەم لەڕێی دەمەوە واتە پێوتنەوە و هەم بە کردار دەووپات بکەنەوەو بەئەنجامی بگەیەنن و پشتگیریو ڕێنماییان بکەن کە سەردانی ذەرونناسی تایبەت بکەن چونکە زۆر لەم دایکانە دوای لەدایکبونی کۆرپەکە لەپاش ئەوەی کە ئەم خەمۆکی و دڵەڕاوکێیە کۆتایی پێدێت دیسان توشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ئەبنەوە کە دوایی باسیان لێ ئەکەین.




مانگی حەوت
هەفتەی سی

لەم قۆناغەدا کۆرپەکە درێژیەکەی گەیستۆتە 39 سم و لەم قۆناغە بەدواوە ئیتر کۆرپەکە لەکێشدا زیاد دەکات و لەباری درێژیدا زۆر زیاد ناکات. سیەکانی و سیستمی تواندندنەوەی خواردن لە ناو کۆرپەکادا زۆر باش گەشەیان کردووە. ئاوی ناو منداڵ دان دەگاتە دەوروبەری 1 لیتر ئاو و بەرە بەرە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا کەم دەبیتەوە لەبەر یێ جێگەبوون. لەم قۆناغەدا دایکان هەست بە هەناسە تونگی دەکەن لەبەر ئەوەی کە کۆرپەکە فشار ئەخاتە سەر ناوپەنچک و کە ئەمەش دەبێتە هۆی قۆرسی هەناسەدان. دەوروبەری هەفتەی 34 کە لە باری ئاساییدا کۆرپەکە سەری بەرەو خوار دێت کە ئەمەش هەم کرداری هەناسەدان و هەم نان خواردنیان ئاسان دەکات.



هەفتەی سیو یەک
لەم هەفتەیەدا کێشی کۆرپەکە دەگاتە دەوروبەری 1.5 کیلۆ و درێژییەکەشی خۆی دەدات لە 41 سم. لەم قۆناغەدا قۆڵ و قاچ زیاترخڕدەبنەوە و لەبەر زیاد بوونی چەوری ژێر پێست کە کار ئاسنی بۆ ئەم گەشە کردنە ئەکات. لەم هەفتەیەدا زیاتر دەردەکەوێت کە لەشی کۆرپەکە وەک دەستو قاچو پێی لەگەڵ قیاسی کەلە سەریدا وەک یەکن، چونکە لەسەرەتاوە زیاتر کەلە سەر گەشە دەکات. زۆر لە دایکان وا هەستدەکەن کە منداڵەکەیان کەمتر دەجولێ لە سکیاندا لەبەر ئەم هۆیە زوو زوو سەردانی پزیشک دەکەن بۆ کۆنترۆڵ، بەڵام شتێکی سروشتیە چونکە جێگەی کۆرپەکە لەم قۆناغەدا بچکۆلە بۆتەوەو ناتوانێ وەک جاران جوڵە جوڵ بکات بە ئارەزووی خۆی. دەبێت دایکان بزانن کە هەرچەندە هەفتەی سیویەکە بەڵام  هێشتا کۆرپەکە ماویەتی زیاتر گەشە بکات لەیەنی کەم ٩٠٠گم تری ماوە تا تەواو کامڵ بێت و بەرگەی دنیای دەرەوەی ناو سکی دایک بگریت. ئۆرگانەکان (ئەندامەکانی ناوەوەی لەش) و گورجەیلەکانی هێشتا ماویانە بەتەواو گەشە بکەن، هەرچەندە کۆرپەکە دەتوانێت میزبکات.  



هەفتەی سیو دوو

کێشی کۆرپەکە گەیشتۆتە دەوروبەری 1 کیلۆو 700 گرام. سییەکانی تەواو گەشەیان نەکردووە هەتا ڕۆژی لەدایک بوون، بەڵام تەمرینی تەواو دەکەن لەڕێگەی هەڵمژینی ئاوی ناو منداڵدانەوە. لەهەفتەی 32 ەوە زیاتر کۆرپەکە شانسی ئەوەی هەیە کە بەردەوامبێت لەژیاندا گەر زووتر لە دایک ببێت. زۆر لە کۆرپەکان ساتێک لە دایک دەبن قژیان زۆر پێوەیە، بەڵام ئەمە بەڵگەی ئەوە نیە کە ئەم منداڵە لەداهاتوشدا هەر قژی زۆر دەبێت. لەم قۆناغەدا گەر کۆرپەکە کوڕ بێت ئەواهەردوو هێلکە گونەکانی دێن بەرەو تورەکەی گون، زۆر جار ڕوو دەدات کە یەکێک لە هێلکەکان نایەنە خوارەوە بۆناو تورەکەکە تا دوایی لە دایک بوون، لە سێ بەش دوو بەش لەم حاڵەتانەدا ڕوودەدات کە ئەم هێلکەیە دوادەکەوێت تا سالێک دوای لەدایک بوون. گەر هەر نەیەتەدەرەوە دەبێت پەنا ببرێتە بەر نەشتەرگەری بەرلەوەی کە هیلکەکە بپوکێتەوە.




هەفتەی سیو سێ

لەم هەفتەیەدا کێشی کۆرپەکە گەیشتۆتە دەوروبەری 2 کیلۆ و درێژیەکەشی 44 سم، لەم هەفتەیەوە کۆرپەکە زۆر خۆی بەرزوو نزم دەکات و سەر دەکێشیت بە دەمی منداڵداندا تا گەورەی بکات بەتایبەتی لەو دایکانەی کە یەکەم جارە منداڵیان ببێت ئەمە زۆر ڕوودەدات و دایکان توشی ئازاری کوتوپڕو ناوەخت دەکەن. هەندێک کۆرپە هەن کە بەبێ هیچ هۆیەک سەریان دەبەنەوە سەرەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکە دەبیێت بە نەشتەرگەری بێتە دنیاوە.
کەلە سەری منداڵەکە هێشتا هەر نەرمە ئەمەش لەبەر ئەوەی کە کەلە سەری مرۆڤ لەچاو دەمی منداڵداندا زۆر گەورەترە لەبەر ئەوە لەکاتی مندالداندا پەستان دەخرێتە سەر کەلە سەری کۆرپەکە بۆ زیاتر ئاسان بونی لەدایک بوون، بەڵام ئێسقانەکانی تری لەشی تەواو ڕەق و پتەو بوون. ئەگەر دایک منداڵی یەکەمی بێت ئەوا لەم هەفتەیەدا لە سەدا 50 ی دایکان منداڵەکانیان سەریان بەرەو خوارەوە دێنن واتە بەرەو دەمی منداڵدان یان قوڕگی منداڵدان، بەڵام بە نسبەت دایکێک کە منداڵی دووەم یان زیاتری بیت ئەوا ئەم پروسەیە لە هەفتەی کۆتایدا ڕوودەدات!


مانگی هەشت

هەفتەی سیوچوار
لەم هەفتەیەدا کۆرپەکە کێشی دەگاتە 2 کیلۆو 200 گم، درێژییەکەشی 45 سم. کۆرپەکە بەردەوام لەشی چەوری ژێر پیست کۆدەکاتەوە تاکو بتوانێت پارێزگاری لە پلەی گەرمی ناو لەشی کۆرپەکە بکات کاتێک دێتە دنیای دەرەوە.



هەفتەی سیوپێنج
لەم هەفتەیەدا کێشی کۆرپەکە لە دەوروبەری 2.4 و درێژیەکەی لە دەوروبەری 46 سم. لەبەر ئەوەی کە منداڵ دانی دایک سات بە سات ئەکشێو گەورەتر ئەبێت ڕووناکی بە ئاسنتر بە ناو منداڵداندا تیپەڕ ئەبیت و کۆرپەکە فێری شەو و ڕۆژ دەکات. لەم هەفتەیەدا هەستیاری بیستنیان بە جوانی گەشەیان کردووە، لێکۆڵینەوە دەریخستووە کە دایکان ئەتوانن کە لەگەڵ کۆرپەکانیان ئاخافتن بکەن بە زمانی منداڵانە لەم هەفتەیەدا لەبەرئەوەی کە کۆرپەکە هەستیاری بیستنی باش گەشەی کردووە. زۆر لە دایکان ئەترسن و توشی دڵەڕاوکێ ئەبن لەوەی کە منداڵەکانیان زووتر لە وەختی خۆیان لە دایک ببن، بەڵام زۆر گرنگە کە دایکان بزانن کە لە سەدا 99 ی ئەو منداڵانە زۆر بە جوانی بەرگەی ژیانی دەرەوە دەگرن و هیچ ترسیان لە سەر نیە، چونکە جیهازی عە‌صەبی ناوەندی central nervsystem  کە بەردەوام لە گەشە کردندایە باش گەشەی کردووە و ئەوەی جێگەی بایەخە لەم ساتەدا ئەوەیە کە کۆرپەکە سیەکانی و سیستمی هەناسەدانی زۆر باش گەشەی کردووە کە لەبەرئەوە ترسی لەسەر نیە گەر بێتو لەم هەفتەیە دا لە دایک بێت.



هەفتەی سیو شەش
لەم هەفتەیەدا کۆرپەکە کێشی دەگاتە 2.7 گم و درێژییەکەشی دەگاتە دەوروبەری 47 سم. لەم هەفتەیەدا دایکان هەست دەکەن کە کۆرپەکە پەستان دەخاتە سەر بەشی خوارەوەی سکیان لەبەر ئەوە لەم هەفتەیەدا سییەکان و گەددەی دایکان جیگەیان فراوانتر دەبێت و بە ئاسانتر کارەکانی خۆیان دەکەن، لەبەر ئەوە هەناسەدانیان ئاسان تر دەبێت و دەتوانن باشتریش نان بخۆن. بەڵام ڕۆیستن بە پێ زۆر ئازاری دایکان دەدات لەم قۆناغەدا و زۆر جار دایکان وا هەست دەکەن کە کۆرپەکە خەریکە دێتە دەرێو دەکەوێتە خوارەوە. لەهەمان کاتدا چونکە زۆر پەستان دەخاتە سەر میزەڵدان زوو زوو چونە سەر توالێت پێویست دەبێت.
لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە کە کۆرپەکە تەواو گەشەی کردووە دایکانیش لەشیان حازرە بۆ لەدایک بوونێکی کوتوپڕ یاخود ژانێکی کوتوپڕ.




هەفتەی سیو حەوت
لەم هەفتەیەدا چاوەڕوان دەکرێت کێشی کۆرپەکە گەیشتبێتە دەوروبەری 2.8 کیلۆو درێژیەکەشی گەیشتبیتە 49 سم. کۆرپەکە قژی زۆر بووە بەڕادەی  3 سم. زۆرجار دایکو باوکان توشی سەرسوڕمان دەبن ساتێک کە کۆرپەکەیان لە دایک دەبێت ڕەنگی قژی لە ڕەنگی قژی هیچیان ناچیت. زۆر دایکو باوک هەیە کە خۆیان ڕەنگی قژیان ڕەشە و بەڵام منداڵەکەیان کە لەدایک دەبێت قژەکەی سپییە یان سورە یان کاڵە بەهەمان شێوە ئەو دایکو باوکانەی کە خۆیان قژیان کاڵ و سورە کۆرپەکەیان قژی ڕەش دەردەچێت. مەبەستمان لێرەدا لەوەیە کە شەرت نیە کۆرپەکە ڕەنگی قژی لە دایک یان باوکی بچێت.



هەفتەی سیو هەشت
تا ئێستا کۆرپەکە هەموو ئۆرگانەکانی لەشی تەواو دروست بون و ئامادەن بۆ کاردن لە ژیاندا. ئەوەی کە زۆر کات دەخایەنێ و دەتوانم بڵێم کە زۆر گرنگە گەشەی سییەکانە کە تا نزیک هاتنە دەرەوەی کۆرپەکە و تەنانەت تا چەند کاتژمێرێکیش دوای لە دایک بونی کۆرپەکە تەواو سیستەمی هەناسەدان ناکەوێتە گەڕ. لەبەر ئەم هۆیە مامانەکان لە کاتی منداڵ بووندا (هەڵبەت باس لە ویلادە دەکەین نەک مامان لە ماڵەوە) بەبێ ئەوەی کە دایک هەستی پێبکات هەناسەدانی منداڵەکە ئەپشکنێ لەڕێگەی پێوانی لێدانی دڵی کۆرپەکە، هەناسەدانی، توندو خاوی ماسولکەکانی، ڕێفلێکسەکان واتە وەڵام دانەوەی لەش، و ڕەنگی پێستی کۆرپەکەوە. جيگەی سەرنجە کە ناتوانرێت بزانرێت کە منداڵەکە ڕەنگی چاوی چ ڕەنگ دەبێت لەداهاتوودا چونکە ڕەنگی چاوی کۆرپەکە بە ڕوناکی دەرەوەی منداڵ دان دەگۆڕدرێ و چەند هەفتەیەک دەخایەنێ تا ڕەنگی چاوی سابت دەبێت.


مانگی نۆ

لەم قۆناغەدا کە زۆربەی منداڵان دێنە دنیاوە، کێشێ زۆربەیان 3.5 کیلۆیە و درێژیەکەشیان لەدەوروبەری 50 سم دایە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر ئاساییە کە کۆرپەکە کیشی لە بەینی 2.5 تا 4 کیلۆ بێت. وەک ڕێنماییەک بۆ دایکان مەرجنیە یاخود ئەتوانین بڵێین کە لە سەدا 5 ی ئەو کاتەی کە دانراوە بۆ لەدایکبونی کۆرپەکە ڕاست دەربچێت، کە ئەمەش ڕادەیەکی زۆر کەمە بۆ متمانە پێکردن بۆ ئەو کاتەی کە بۆی دانراوە بۆ منداڵ بوون، لەو ساتەی کە بۆی دانراوە دەتوانێ تا دوو هەفتەی دیکەش درەنگ بکەوێت. ژانی دایک کەس نازانێت کەی دەست پێدەکات. زۆر فاکتەر کاریگەری هەیە، بۆ نموونە لە کاتیکدا کە دنیا تاریکە و بێدەنگە ژانەکان زیاتر دەبن، باری دەروونی دایک بە دەرەجەی یەکم و دەوروبەری واتە باری دەروونی ئەو ژینگەیەی کەدایک لێی دەژی بە تایبەت باوکەکە بەڵام لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا خێزانەکانیش هەروەها کارای دەکەنە سەر باری دەروونی دایکەکە و تا چەند ئەم چوار دەورە جێگەی متمانەن بۆ ئەم دایکە.  





Teratology
هەندێ کۆرپە هەن کە بەداخەوە ساتێک لەدایک دەبن دەبینن تەواو نین و کەمووکوڕییان هەیە. تێراتۆلۆجیی   Teratology زانستێکە کە لێکۆڵینەوە دەکات لەم بارەیەوە و دەگەڕێت بەدوای هۆکارەکاندا وەک هۆکاری ویراسی و ژینگەییەکاندا Environment و ڕیگەی چارەسەر بۆ ئەم مەبەستە دەدۆزێتەوە. دەریان خستووە کە ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی بریندار بوونی کۆرپەکە لە سەدا 75 ی پریندارییەکان کە دوایی دەبنە هۆی نوقسانی کۆرپەکە لە سێ مانگی یەکەمی سکەکەدا ڕوودەدات کە زۆری ئۆرگانەکانوو لەشی کۆرپەکە وەک قۆڵو، شکڵی دەموو چاوو، پەنجەکانو، گوێچکەو هەتا دوایی، دروست دەبن. بۆ نموونە گەر دایکەکە لە چەند هەفتەی یەکەمی سکەکەوە توشی نەخۆشی ببێت کە هۆکەی ڤایرۆس بێت وەک سورێژە ئەوا دەرکەوتووە کە کۆرپەکە ساتێک لەدایک دەبیت هەندێک کەڕن واتە هەستیاری بیستنیان یان بیناییان کار ناکات، کێشەی دڵیان هەیە یان خەلەل لە سیستمی بەرگری لەشیاندا دروست بووە.
جگەرە کێشان بەهەمان شێوە زۆر کاریگەری هەیە، هەر نەفەسێک لە جگەرە ڕادەی ئۆکسجین لەناو خوێنی دایکدا کەم دەکاتەوەو لەبری ئۆکسجین ماددە ژەهرییەکان زیاد دەبن کە یەکسەر دەچێت بۆ کۆرپەکە، کەئەمەش لەداهاتودا دەبێتە هۆی کەمی کێشی کۆرپەکە و کورتی باڵایان بە ڕێژەییەکی دیار. هەندێ کارایی تر ئەوەییە کە دایکان کۆرپەکەییان بە مردووی لەدایک دەبن لەبەر کەمی ئۆکسجینو زۆری ماددە ژەهراوەییەکانی جگەرە. نەخۆشی ڕەبۆ زۆر زیاترە لەو کۆرپانەی کە دایکەکانیان جگەرەیان کێشاوە لە کاتی سکە کەیاندا.  ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەرچەندە دایکان خۆیان جگەرەکە نەیکێشن بەڵام لە ژوورەکەدا دوکەڵی جگەرە هەبێت ئەوە کاریگەری خۆی هەر دەبێت. دەتوانین بڵیین کە لە ژوورێکدا گەر جگەرە کێشێکمان هەبێت ئەوا لە هەر 10 جگەرەیەک کە کە کەسی جگەرەکێش دەیکێشێ وەک ئەوە وایە ئەوەی تر کە نایکێشێ (گەر دایکەکە بێت لەم حاڵەتەدا) 1 جگەرەی کێشابێت. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە بۆ دایکان کە بتوانن خۆییان لەم ژینگانە بپاریزن وبەهەمان شێوەش خەڵکانی چواردەری ڕێز لەم کارە بگرن. زۆر گرنگە بزانین هەموو گیان لەبەرێک ئەوەی کە ڕۆحی تێداییەو دەژی لە چەندەها خانە پێک هاتووە. ئەم خانانە پە ئۆکسجین و جەندەها سەرچاوەی تر دەژین کە وزەیی لێ وەردەگرن، بەرادەی یەکەم ئۆکسجین. خانەکان بە ئەمری جیناتەکان هەڵدستن بە دروست کردنی هەموو ئەندامەکانی ناوەوەو دەرەوەی لەشی گیان لەبەرەکە، مرۆڤەکە، گەر ئەم خانانە ناتەواو بن ئەوا ئەو ئەندامەی کە دروستیشی دەکەن بە هەمان شێوە ناتەواو دەبن. هەروەک چۆن کارگەیەکی ئۆتۆمبیل دروست کردن بۆی ئۆتۆمبیلێکی باش دروست بکات پێوستی بە مەعدەنی باشە بۆی لە دروستکردنی پارچەکانی ئۆتۆمبیلەکەدا بەکاری بهێنێت.  
ماددەییەکی تر کە زۆر ترسناکە کە بخورێتەوە ئەویش مەددەی ئەلکهولە Fetal alkohol syndrom FAS. ئەم ماددەیە کارای ئەکاتە سەر گەشەکردنی کۆرپەکە، برینداری ناو مێشکی کۆرپەکە، گەشەکردنی زیرەکی زۆر کەم دەبیت. دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆرپەکە سەرێکی بچکۆلەی بۆ دروست دەبێت و لۆتێکی پان و چاوەکانی دوربن لە یەکەوە.
ئەمە وێنەی منداڵێکە کە دایکی ئەلکوهولی خواردۆتەوە کاتێک کە سکی هەبووە.

ناوی هەندێ دەرمان و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆرپەکە:
دەرمان                                  کاریگەری
دەرمانی ئازار                          بەکارهینانی بە رادەیەکی زۆر دەبێتە هۆی لەبارچوون، نوقسانی لە هەستیاری بیستن
                                            و کیشەی هاناسە دان.
هەندیک دەرمان خەون               نوقسانی لە کۆرپەکە و کێشەی هەناسەدان.
دەرمانی Antiepileptic            نوقسانی لەشی کۆرپەکە
بۆ فێ بەکاردیت
‌هێرۆیین                                 دەبیتە هۆی خەلەل لە گەشەی منداڵەکەدا، لەدایک بوونی بەر لە وەخت، مردنی                                 منداڵەکە بەساوایی.
توشبوون بە ڤایرۆس
Aids                                     نوقسانی لەشی کۆرپەکە
Cytomegalovirous CMV     جۆرە ڤایرۆسێکە دەبێتە هۆی بریندارکردنی هاستیاری بیستن، کەلە سەرێکی نائاسایی
                                            خەلەل لە گەشەی مێشکدا و خەلەل لەگەشە کردنی بەگشتی
سورێژە                                 خەلەل لە گەشەکردن،Autism ، نوقسانی لە بیننای و بیستن و کێشەی دڵ.
فاکتەری تر
تەمەن                                    ئافرەتان لە تەمەنی هەرزەکارییدا و لە تەمەنی سەرو 35 ساڵەوە دەبێتە هۆی کێشی
                                            کەمی کۆرپەکەی لە چاوکۆرپەی ئافرەتان لە تەمەنی 20 بۆ 35. ئەگەری دروستبونی
                                            کۆرپەیەکی مەغۆلی
Downs syndrom زۆر زیاترە لەی ئافراتانێک کە تەمەنیان
                                      لە 35 بەرەو سەرترە.
نەخۆشی شەکرە                       بریناری لە دروست بونی کۆرپەکە، کێشەی دڵ.

خۆشەویستان ئەم بەشە کۆتای پێهاتو کۆرپەکە هاتە دنیاوە، دنیایەکی پڕلەمەرج و یاسا زۆر دوور لە ڕۆح و بونییەتی مرۆڤەوە. دنیایەک پڕلەکێشە چەرمەسەری، لەهەمانکاتدا دنیایەک پڕ لە خۆشی و شتی جوان. لەباسەکانی داهاتودا دێمە سەر باسی پەروەردەکردنی ئەم کۆرپەیە. گرنگیو بایەخپێدانی منداڵە ساواکە لەلایەن دایکەکەوەو گوێڕیەڵی باوک و دایکەکە بۆ سیگناڵی (خواستی) کۆرپەکە و گاریگەری ئەمانە لەسەر باری دەروونی و فۆرمی تەبیعەتی داهاتوی کۆرپەکە.